پێگەى وەرگر لە دەقى شیعریی جەمال شارباژێڕیدا

توێژەران

  • پشتیوان ئەسعەد کەریم بەشى پەرستارى، کۆلێژى تەکنیکى سۆران، زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر
  • سەلیم ڕەشید ساڵح بەشی زمانی كوردی، كۆلێژی پەروەردە، زانكۆی سەلاحەدین - هەولێر

:

https://doi.org/10.56422/ka..54.237

:

شاعیر، وەرگر، جەمال شارباژێڕى، ئایدیۆلۆژیا، ڕەخنەى نوێ

پوختە

وەرگر؛ وەک تەواوکارى پڕۆسە و کایەى ئەدەبى؛ سەنگ و پێگەى خۆى هەیە، هەر لە سەرەتاوە پێگەکەى خراوەتە بەرباسى ڕەخنەى ئەدەبییەوە و وەک بەرکەوتە لێى ڕوانراوە، بەڵام لە ڕەخنەى نوێدا کراوەتە چەقى باس و ڕۆڵ و پێگەکەى لەدەقدا دەستنیشان کراوە، بەچەشنێک کاریگەرى و پێگەکەى هاوشان، یاخود لە سەرووى دەقنووسەوە دانراوە، چونکە دەقنووس دواى تەواوبوونى دەقەکەى و خستنەبەردەستى وەرگران، ئیتر وەرگر لە شەنوکەوکردنى دەق و زیندووهێشتنەوەی دەقەکەدا خاوەنیەتى.

جەمال شارباژێڕى یەکێکە لە شاعیرانى بزووتنەوەى ڕوانگە و ڕۆڵى بەرچاوى گێڕاوە لە شیعرى هاوچەرخى کوردیدا، لە دەقە شیعرییەکانیدا بە شێوەیەکى بەرفراوان لەبارەى وەرگرەوە دواوە، ڕۆڵ و پێگە و ئەرک و جۆرەکانى دەستنیشان کردووە، لەم سۆنگەیەوە ناونیشانى توێژینەوەکەمان کرد بە: ( پێگەى وەرگر لە دەقى شیعریی جەمال شارباژێڕیدا)، کە هەوڵێکە بۆ دەستنیشانکردن و تێگەیشتن لە چەمکى وەرگر و ڕۆڵ و پێگەکەى لە ڕوانگەى "شارباژێڕی"یەوە.

توێژینەوەکە پێکهاتووە لە: پێشەکى، پوختەى توێژینەوە، دوو بەش: بەشى یەکەم بە ناونیشانى (لەبارەى وەرگرەوە)، کە لە دوو تەوەردا باس لە وەرگر کراوە، بە ناونیشانەکانى: ( جۆرەکانى وەرگر، وەرگر وەک تەواوکەرى کارى ئەدەبى)، بەشى دووەم بە ناونیشانى: (وەرگر لە دەقى شیعریی جەمال شارباژێڕیدا)، کە تێیدا هەڵوەستە لەسەر ڕوانینەکانى شارباژێڕى کراوە؛ لەبارەى وەرگرەوە، لە چەند تەوەرێکدا خراوەتە پێشچاو؛ بە ناونیشانەکانى: (شیعردۆست و ڕەخنەگر، دەق ناوەندى ڕەخنەگرتنە، ئایدۆلۆژیاى شیعر و ناکۆکى نێوان وەرگر و شاعیر، وەرگرى دیاریکراو "شیعری ئاراستەکراو"، وەرگرى هاندەر، هەمەچەشنى بابەتى شیعر و وەرگر، بە جیهانیبوونى شیعر و وەرگرى جیهانى، پەیوەنديى شیعر بە شاعیرەوە)، لە کۆتایی توێژینەوەکەشدا ئەنجامى توێژینەوەکە لە پێنج خاڵدا کورتکراونەتەوە و دانراون، لەپاشاندا لیستى سەرچاوە بەکارهاتووەکانیش خراونەتەڕوو، هەروەها پوختەى توێژینەوەکە بۆ زمانەکانى عەرەبى و ئینگلیزى وەرگێڕدراون و دانراون.

##submission.downloads##

بڵاو کرایەوە

2023-03-29