زانیاری بۆ توێژەران
ڕێنمایى بڵاوکردنەوە لە گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى
- گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى، گۆڤارێکى زانستى وەرزییە، توێژینەوەى ڕەسەن بە هەر سێ زمانى: (کوردى، عەرەبى و ئینگلیزى)، لە بوارەکانى زمان، ئەدەب، مێژوو، فەرهەنگى کوردى، باسى بەراوردکارانەى ئەو بوارانەى بەشێکیان لە بارەى کورد و کوردستانەوەیە، بڵاو دەکاتەوە.
- گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى گرنگى بەو توێژینەوانەش دەدات، کە سەر بە شێوازى نێوبوارەکانى توێژینەوەن “ Interdisciplinary ".
- توێژینەوەى نێردراو دەبێت بەرهەمى زانستيى نووسەر /نووسەران بێت و لە نووسین و ئامادەکردنیدا بنەماکانى ئاکارى زانستى ڕەچاو کرابێت.
- نابێت توێژینەوەکە لە هیچ گۆڤارێکى ناوەوە، یان دەرەوەی وڵات، یان لە کۆمەڵە توێژینەوەى کۆنفرانسێکدا بڵاو کرابێتەوە. نابێت تا کۆتایى هەڵسەنگاندن و ڕاگەیاندنى بڕیارى بڵاوکردنەوە بۆ هیچ گۆڤارێکى تر بنێردرێت.
- بەرپرسیارى هەر توێژینەوەیەک لە ئەستۆى نووسەر/نووسەرانى توێژینەوەکەدایە و توێژینەوەکە دەربڕى بۆچوونى نووسەر /نووسەرانە نەک گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى.
- توێژینەوە کوردییەکان دەبێت بەپێى ڕێنووسى کوردى دانپێدانراوى ئەکادیمیاى کوردى بن، گەر پێویست بێت گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى بە توێژینەوەکاندا دەچێتەوە، بەبێ گۆڕینى ناوەڕۆکەکەى.
- دەبێت توێژینەوەکان لەم بەشانە (بەم تایبەتمەندییانە) پێک هاتبێت: پوختە بە زمانى نووسینى توێژینەوەکە دەنووسرێت و لە ١٥٠ وشە کەمتر و ٢٠٠ وشە زیاتر نەبێت، بەپێى پێوەرى پوختە نووسین). وشە سەرەکییەکان (٥ وشە)بن. پێشەکى (ناساندنى بابەت، گریمانە و پرسیارى توێژینەوە، پێشینەى توێژینەوەى " Review article "و ...) هەبێت، ئینجا بەشەکانى شیکارى و لێکدانەوە، ئەنجام و سەرچاوەکان.
- دەبێت هەموو توێژینەوەیەک لەبارەى بابەتێکى نوێوە بێت و پێشینەى توێژینەوەى" Review article " لەگەڵ بێت. ئەم پێشینەیەش تایبەت بێت بە پێداچوونەوەى ڕابردووى بابەتى توێژینەوە لە ڕوانگەیەکى نوێوە. نابێت کۆن و نوێ تێکەڵ بکرێت، دەبێت هەم سەرچاوە تیۆرییەکان نوێ بن، هەم ئەو سەرچاوانەش کە لەبارەى ماتریاڵ یان بابەتە دیرۆکییەکانەوەن.
- گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى توێژینەوە لە (٧٠٠٠) وشە زیاتر وەرناگرێت.
- پێویستە توێژەر پوختەى توێژینەوەکەى بە دوو زمانى دیکە جگە لە زمانى نووسینى توێژینەوەکەى، بنووسێت.
- هەر باس و بابەتێک لەبارەى ساغکردنەوەى (پەیدۆزى، تحقیق)ى دەستنووسەکانەوە بێت، پێویستە پەیدۆزییەکە بەگوێرەى بنەما زانستییە کارپێکراوەکانى ئەو بوارە بکرێت، هەروەها چەند لاپەڕەیەکى لەبەرگیراو و زانیارى تەواوى سەبارەت بە دەستنووسەکە و شوێنى هەڵگرتنى بخرێتە ڕوو.
- دەبێت توێژەر توێژینەوەکەى بەم شێوەیەى خوارەوە بنووسێت:
یەکەم: بۆ توێژینەوەکان بە زمانى کوردى:
- ناونیشانى سەرەکى بە فۆنتى (Unikurd Peshew)، قەبارەى (٢٠) بێت.
- ناونیشانى ناوەوە بە فۆنتى (Unikurd Hiwa)، قەبارەى (١٣) بێت.
- ناوەڕۆکى توێژینەوەکەى بە فۆنتى (Unikurd Goran)، قەبارەى (١٣) بێت.
- پەراوێزەکان بە فۆنتى (Unikurd Goran)، قەبارەى (١١) بێت.
- پوختە بە زمانى کوردى بە فۆنتى (Unikurd Goran)، قەبارەى (١٣) بێت.
- وشە بە پیتى لاتینى لە نێو دەقەکەدا بە فۆنتى (Time New Roman)، قەبارەى (١١) بێت.
دووەم: بۆ توێژینەوەکان بە زمانى عەرەبى:
- ناونیشانى سەرەکى بە فۆنتى (Time New Roman)، قەبارەى (٢٠) بێت.
- ناونیشانى ناوەوە بە فۆنتى (Time New Roman)، قەبارەى (١٣) بێت و تۆخ /بۆڵد کرابێت.
- ناوەڕۆکى توێژینەوەکەى بە فۆنتى (Time New Roman)، قەبارەى (١٣) بێت.
- پەراوێزەکان بە فۆنتى (Time New Roman)، قەبارەى (١١) بێت.
- پوختە بە زمانى عەرەبى بە فۆنتى(Time New Roman)، قەبارەى (١٣) بێت.
- وشە بە پیتى لاتینى لە نێو دەقەکەدا بە فۆنتى (Time New Roman)، قەبارەى (١١) بێت.
سێیەم: بۆ توێژینەوەکان بە زمانى ئینگلیزى:
- ناونیشانى سەرەکى بە فۆنتى (Time New Roman)، قەبارەى (٢٠) بێت.
- ناونیشانى ناوەوە بە فۆنتى (Time New Roman)، قەبارەى (١٢) بێت و تۆخ /بۆڵد کرابێت.
- ناوەڕۆکى توێژینەوەکەى بە فۆنتى (Time New Roman)، قەبارەى (١٢) بێت.
- پەراوێزەکان بە فۆنتى (Time New Roman)، قەبارەى (١٠) بێت.
- پوختە بە زمانى ئینگلیزى بە فۆنتى(Time New Roman)، قەبارەى (١٢) بێت.
- وشە بە پیتى لاتینى لە نێو دەقەکەدا بە فۆنتى (Time New Roman)، قەبارەى (١١) بێت.
- هاوواتاى لاتینى وشەکان لە پەراوێزى لاپەڕەکەدا دەنووسرێن. ناونیشان و زاراوە دیاریکراوەکان، کە نووسەر بە پێوستى دەزانێت شێوەى دەربڕینى دروستیان لە توێژینەوەکەدا هەبێت، بەرانبەرى لاتینیان لە پەراوێزدا دادەنرێن. واتە هەموو وشە و زاراوەیەک بەپیتى لاتینى دەبێت لە پەراوێزى لاپەڕە بنووسرێن نەک لەناو دەق.
- لە ناردنى توێژینەوەدا نابێت هیچ جۆرە ناونیشانێکى نووسەر، وەکوو (ناو، ناونیشان، ئیمەیڵ، ژمارەى تەلەفۆن و ...) هەبێت. زانیارى لەبارەى نووسەر یان نووسەرانەوە دەبێت لە لاپەڕەیەک بەجیا لەگەڵ توێژینەوەکە بنێردرێت. هەموو زانیارییەک لەبارەى توێژینەوەکە و توێژەرەکەیەوە تێدا بێت، وەک: ناوى سیانى، ناونیشان، ئاستى خوێندن و پلەى زانستى، ناونیشانى توێژینەوەى نێردراو، ناونیشانى ئیمەیڵ، پەیوەندیى ڕێکخراوەیى نووسەر یان نووسەران (ناوى زانکۆ و کۆلێژ و بەش و ...)، ناونیشانى تەواوى پۆست و کۆدى پۆستى ئەگەر هەبێت) و ژمارەى تەلەفۆنى تێدابێت.
- ناوى سەرچاوەى دەقى وەرگیراو لەنێو دەقى توێژینەوە بەم شێوەیە دەنووسرێت: (پاشناو یان ناوى سێیەمى نووسەر، ساڵى چاپ: لاپەڕە /لاپەڕەکان)، وەک (گەردى ١٩٩٥: ٢٥). تۆمارکردنى سەرچاوە بە زمانێکى تر (جگە لە کوردى و عەرەبى) هەر بەم شێوازە دەبێت.
- هێنانەوەى نموونە لە قورئانى پیرۆز بە شێوەى (سوورەت: ژمارەى ئایەت) لەنێو کەواندا دەنووسرێت، وەک: (الرحمن:٢٠).
- ئەگەر دەقى وەرگیراو لە سەرچاوەیەک، لە سێ دێڕ زیاتر بوو، لە دەقى نووسەر جیا دەکرێتەوە و لە دوو لاوە بە یەک سانتیمەترى بچووکتر دادەنرێت.
- سەرچاوەکان لە کۆتایيى توێژینەوەکەوە دەبن، بەپێى ڕیزبەندىيی ئەلفبێى پاشناو /ناوى سێیەمى نووسەر /نووسەران بێت و بە شێوازى Bibliography: American Psychological Association ”APA” ڕیز بکرێن. واتە دەبێت بەپێیى پێڕەوى بیبلۆگرافیاى ئەمریکایى بێت، بەم شێوەیەى خوارەوە:
- کتێب: پاشناو /ناوى سێیەمى نووسەر/نووسەران، ناو (ساڵى چاپ لەنێوان دوو کەوانەدا)، ناونیشانى کتێب (بە ئیتالیک)، ناوى وەرگێڕ یان ساغکەرەوە، شوێنى چاپ، ناوى بڵاوکەرەوە، ژمارەى چاپ.
- توێژینەوە: پاشناو/ناوى سێیەمى نووسەر/نووسەران، ناو (ساڵى چاپ لەنێوان دوو کەوانەدا)، ناونیشانى توێژینەوە (بە ئیتالیک)، خول، ساڵ، ژمارە (لە دواى یەک)، ژمارەى لاپەرەکانى توێژینەوە.
- کۆمەڵە توێژینەوە: پاشناو /ناوى سێیەمى نووسەر/نووسەران، ناو (ساڵى چاپ لەنێوان دوو کەوانەدا)، ناونیشانى کۆمەڵە توێژینەوە (بە ئیتالیک)، ناوى نووسەر، کۆکەرەوە، شوێنى چاپ: ناوى بڵاوکەرەوە، ژمارەى لاپەڕەکانى توێژینەوەکە.
- ماڵپەڕى ئینتەرنێت: پاشناو/ناوى سێیەمى نووسەر/نووسەران، ناو (ساڵى چاپ لەنێوان دوو کەوانەدا)، (ڕێککەوتى دانانى توێژینەوەکە لەسەر ماڵپەڕەکە لەنێوان دوو کەوانە)، ناونیشانى توێژینەوەکە (بە ئیتالیک)، (لینکى توێژینەوەکە)، ڕێککەوتى سەیرکردنى.
- سەرچاوەکان: بەپێى زمانەکان لێک جیا دەکرێنەوە بەم ڕیزبەندییە: بە کوردى، بە عەرەبى، بە فارسى، بە ئینگلیزى.
- ناونیشانى بەشە جۆربەجۆرەکانى توێژینەوەکە وەک (پێشەکى، پێشینەى توێژینەوە، بنەماى تیۆرى و شیکارى و لێکدانەوە و... بەپێى ژمارە دەبێت، بۆ ئەمەش سوود لە ژمارەدانانى خۆکارییانەى بەرنامەى ۆرد وەردەگیرێت، هەموو ناونیشانێکى سەرەکى و ناسەرەکى بەپێى بەش و پار و وەچەپار ژمارەیان بۆ دادەنرێت، بەم شێوەیە: ١-١، ١-٢، ١-٣، ١-٤، ١-٤-١،١-٤-٢، ١-٤-٣، ١-٤-٤ و ...).
- نیشانەکانى خاڵبەندى لە چەشنى: خاڵ، بۆرى خاڵدار، جووتخال، نیشانەى پرسیار، نیشانەى سەرسورمان و... دەبێت بلکێن بە وشەى پێش خۆیانەوە بە یەک نێوان لە وشەى دواى خۆیان جیا دەکرێنەوە، وشەى نێوان دوو کەوانە بێ نێوان دادەنرێت، وەک: (ئەدەبیات)، خاڵى دواى کەوانە ڕاستەوخۆ، بێ نێوان لە دواى کەوانە دادەنرێت، وەک: (گەردى١٩٩٥:٢٥).
- هەموو دەقێکى وەرگیراو لە هەر جۆرە سەرچاوەیەک، هەر چەندێک بێت، دەبێت لەنێوان دوو جووت کەوانەدا بن و بەم شێوازە دابنرێن: «........». سەرچاوەش کە لە ناوى پاشناو /ناوى سێیىەمى نووسەر ساڵ و لاپەڕە) پێک دێت، دەبێت ڕاستەوخۆ لەدواى ئەم جووت کەوانەیەوە دابنرێت، بەڵام لەنێوان دوو کەوانەى ئاسایى وەک: (.......)، (گەردى١٩٩٥: ٢٥).
- توێژینەوە پێش ناردنى بۆ هەڵسەنگاندن لەلایەن سەرنووسەر و بەڕێوبەرى نووسین هەڵسەنگاندنى بۆ دەکرێت، ئەگەر لەگەڵ ئەم ڕێنماییانەدا بگونجێت، دەنێردێت بۆ هەڵسەنگاندن، بە پێچەوانەوە دەنێردرێتەوە بۆ توێژەر بۆ چاککردن و ناردنەوەى لەماوەیەکى کەم، یان ڕەت دەکرێتەوە.
- لەگەڵ ناردنى توێژینەوە بەڵێننامەیەک لە لاپەڕەیەکى سەربەخۆدا لەلایەن توێژەرەوە دەنووسرێت، کە ئەم توێژینەوەیە زانستییە و هیچى وەرگیراو نییە و دژ بە بەرژەوەندییەکانى ئەکادیمیاى کوردى و هەرێمى کوردستان نییە.
- دوابەدواى پەسەندکردنى هەر توێژینەوەیەک لەلایەن هەڵسەنگێنەرانى پسپۆڕەوە، توێژەر دانەیەک لە نووسراوى پەسەندکردنى توێژینەوەکەى لەلایەن دەستەى نووسەرانەوە بە واژۆى سەرنووسەر پێ دەدرێت. لەدواى ئەوە توێژەر نابێت توێژینەوەکەى پێشکەش بە هیچ لایەنێکى دیکە بکات، بەبێ نووسراوێکى ڕەزامەندى لەلایەن سەرنووسەرى گۆڤارەوە.
- چۆنیەتى ڕیزکردنى باس و بابەتەکان پەیوەندى بە ڕێبازى بابەتبەندى گۆڤارەکەوە هەیە نەک بابەت و بایەخى توێژینەوەکان، یاخود پلە و پایەى زانستى توێژەرە.
- هەر توێژینەوەیەک کە ڕەزامەندى لە سەر بڵاوکردنەوەى نەدرێت، بۆ خاوەنەکەى ناگەرێندرێتەوە.
- توێژەر لە نووسینى توێژینەوەکەیدا دەبێت هەم ڕەچاوى ئاکارى توێژینەوەى زانستى و هەم ئاکارى بڵاوکردنەوە بکات.