ڕۆڵی ڕۆشنبیری و سیاسیی مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی ١٨٦٣-١٩٤٢

توێژەران

  • رەسول محەمەد رەسول خەلیفانی بەشی مێژوو - فاکەڵتی ئاداب - زانکۆی سۆران

:

https://doi.org/10.56422/ka..54.245

:

کۆشکی باداوە، قوتابخانەی ئەحمەدییەی ئاینی، داگیرکاری ئینگلیز، بنەماڵەی مەلەکی عیراقی، کێشەی عەشایەرەکان

پوختە

یەکێک لە کەسایەتییە دیار و بەناوبانگەکانی هەولێر، کە لە ساڵی ١٨٦٣ لە هەولێر لە دایک بووە ناوی (ئەبوبەکر حاجی عومەر) ناسراو بە (مەلا فەندی) یان (کوچک مەلا). سەرەڕای ئەوەی کە زانایەکی ئاینی و وانەبێژێکی بەهێز بوو، بە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەر و بێهاوتاکان لە سەردەمی خۆی دادەنرێت، لەنێو بنەماڵەکانی هەولێر و عەشیرەتەکانی دەوروبەری، کە لەزۆربەی کێشەکان پرس و ڕای پێکراوە، چارەسەر و وتەکانی یەکلاکەرەوە بوون لە کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان.

(مەلا فەندی) دەوڵەمەندییەکەی (کە بە هاوکاری دەوڵەتی عوسمانی، ئینگلیز و عیراقی مەلەکی پەیدای کردووە)، بەکاری هێناوە بۆ بەخشین بە هەژاران، میوانداری و بەڕێوەبردنی قوتابخانەی (ئەحمەدییە) لە مزگەوتی گەورەی قەڵای هەولێر، کە لە دوای مردنی باوکی (مەلا عومەر ئەفەندی) لە ساڵی ١٨٩٠ تا ساڵانی ١٩٤٠ەکان وانەی تێدا وتۆتەوە و لە تەواوی کوردستان و دەوروبەری قوتابی ئاینی ڕوویان تێکردووە، بەمەبەستی تەواوکردنی خوێندنی ئاینی کە زیاتر لە (٣٧٠) مەلا لەو ماوەیەدا لەسەر دەستی ئەو مۆڵەتی مەلایەتییان پێدراوە. ئەوەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ناوبانگێکی باش و ناساندنی ناوبراو لە تەواوی کوردستان و ناوچەکە.

ڕێگرتن لە هێرشی بەشێک لە خەڵکی هەولێر لەساڵی ١٩١٨ بە هاندانی عوسمانییەکان، دوای ئەوەی کە ویستیان هێرش بکەنە سەر مەسیحییەکانی عەنکاوە، بەریان لێدەگرێت و پەشیمانیان دەکاتەوە، قەناعەتیان پێدەهێنێت کە پێویستە بەرگرییان لێبکرێت. (مەلا فەندی) ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت لە ڕاگرتنی هێرشی عەشایەری دەوروبەری هەولێر لە ساڵی ١٩٢٠، سەرخستنی کرداری ڕاپرسی دانانی مەلیک فەیسەڵی یەکەم لە ساڵی ١٩٢١، مێوانداری کردنی مەلیک فەیسەڵی یەکەم دوو جار ١٩٢٤ و ١٩٣٠، مەلیک غازی ١٩٣٣-١٩٣٩ لە نێوەڕاستی سییەکان و دواجار داڵدەدانی مەلیک فەیسەڵی دووەم لە ساڵی ١٩٤١، کە ئەو کاتە تەمەنی تەنها ٦ ساڵان بوو لەگەڵ خانەوادەکەی پەنایان هێنابووە بەر (مەلا فەندی) لە کۆشکی باداوە.

قۆناغی دووەمی ژیان و چاڵاکییە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکانی ئەو کەسایەتییە دەست پێدەکات کە لە ١٠-١١-١٩١٨ بە شێوەیەکی ئاشتییانە هەولێر لە لایەن بەریتانییەکان داگیر دەکرێت. ئەگەرچی بیری بەرەنگاری لەلایەن بەشێک لە خەڵکی شارەکە گەڵاڵە دەبێت، بەڵام ئەو لەگەڵ ڕادەستکردنی شارەکە دەبێت. (مەلا فەندی) بە هەڵوێستە باشەکانی سەلماندوویەتی بزوێنەرێکی بەهێزی مێژووی سەردەمەکەی خۆیەتی، کاروکردەوەکانی بووەتە هۆی ئەوەی کاریگەریی بەهێز دروست بکات، لە گۆڕینی ڕای گشتی، بە قبووڵکردنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، ئابووری، و سیاسییەکان. بە نموونە ڕازیکردنی خەڵکی هەولێر بە خواردنەوەی ئاوی پرۆژەی ئینگلیزەکان کە سەرەتا بە حەرامیان زانیوە، ناردنی کوڕ و کچەکانی بۆ قوتابخانەکانی میری. ناردنی (عیزەدین)ی کوڕی بۆ سەربازی لە ساڵی ١٩٣٤. دواتر خەڵک بە لێشاو منداڵەکانیان ناردووە بۆ قوتابخانەکانی میری و سەربازگەکان. 

##submission.downloads##

بڵاو کرایەوە

2023-03-29 — لە 2023-04-03 نوێ کرایەوە

وەشانەکان