پێکهاتەی فەزای دەلالی لە چیرۆکدا چیرۆکەکانی (سەدرەدین عارف) بە نموونە
:
https://doi.org/10.56422/ka..49.51پوختە
زمانی دەقی ئەدەبی، زمانێکی هەڵخەڵەتێنە، زمانێک نییە، یەکڕاست شتەکانمان بداتێ، بەڵکو لە زۆر باردا دەلالەتی دیکە مەدلوولی دیکە خۆیان لە پشت پەیڤەکانەوە حەشار دەدەن. خوێنەر بەپێی ئەو پشتخانە ڕۆشنبیرییەی هەیەتی هەوڵی لێکدانەوەی مەدلوولی ئەو دەلالەتانە دەدات. دەقی ئەدەبی دەبێ دەقێکی سرک و ئاماژەدار بێت، دەقێک توانای ململانێی لەگەڵ خوێنەری نموونەییدا هەبێت، بۆ ئەوەی خوێنەر ماندوو بکات و بیخاتە دۆخی بیرکردنەوە. ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکە بۆ کارکردن لەبارەی فەزای دەلالی لە چیرۆکەکانی "سەدرەدین عارف"دا. کارکردنە بۆ دەستخستنی وەڵامی پرسیارەیلی وەکو: فەزا چۆن دروست دەبێت؟ ڕۆڵی فەزا لە بەرهەمهێنانی ئێستێتیکای دەقدا چییە؟ چۆن دەلالەتەکانی ناو دەق فەزا دروست دەکەن؟
ئەم توێژینەوەیە لە دوو بەشی سەرەکی پێكهاتووە. بەشی یەکەم بە ناوی: (چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ فەزا). ئەم بەشە بەشێکی تیۆرییە. هەوڵێکە بۆ ڕوونکردنەوەی ئێستێتیکای فەزا، گەڕان بە دوای ڕیشەی زاراوەکە. هاوکات ئیشکردنە لەبارەی فەزای گێڕانەوەیی و ئەرکەکانی، بۆ ئەوەی بزانین فەزا لە گێڕانەوەدا بە گشتی و چیرۆک بەتایبەت چۆن دەردەکەوێت. هەرچی بەشی دووهمە بە ناوی: (ڕەهەندەکانی فەزای دەلالی لە چیرۆکەکانی "سەدرەدین عارف"دا. ئەم بەشە بەشێکی پراکتیکییە. هەوڵمانداوە لە چەند ڕەهەندێکەوە دەلالەتی ناو چیرۆکەکان ڕاڤە بکەین، بۆ ئەوەی ئەو فەزایە دەستنیشان بکەین، کە بە هۆی ئەم ڕەهەندانەوە دروست بوون. بۆ ئەمەیش کارمان لەبارەی فەزای زمانی دەق کردووە، پاشان وەگێڕ چ ڕۆڵێکی لە بەرهەمهێنانی فەزادا هەیە. دواتریش فەزای کۆمەڵایەتی، سیاسی و دەلالەتەکانی ژنمان لێکداوەتەوە. ئەم سێ دەلالەتانە دیوی دووەمی ڕۆشنبیری و کلتووریی کۆمەڵی کوردی نیشان دەدەن.
بۆ ئەم توێژینەوەیە پشتمان بە ميتۆدی سیمیۆلۆجیا بەستووە، بە ئامانجی لێکدانەوەی دەلالەتەکانی زمانی دەق، چونکە سیمیۆلۆجیا کۆمەکی باشمان بۆ لێکدانەوەی دەلالەتەکان دەکات. لە کۆتاییدا چەند ئەنجامێکمان نووسیوە، کە لەم توێژینەوەیە پێیگەیشتووین. هاوکات سەرچاوەکانمان بە سيستەمی هارڤارد بەکارهێناوە و لیستی سەرچاوەکانیشمان نووسیوە.