مەلا خدری دەشتی ژیان و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و نەتەوایەتیی ١٩٠٩-١٩٥٧

توێژەران

  • هۆشەنگ ساڵح نەجاڕ بەشی مێژوو - كۆلێژی ئاداب - زانكۆی سەڵاحەددین

:

https://doi.org/10.56422/ka..49.55

پوختە

لە مێژووی بزاڤی ڕۆشنبیریی کوردییدا، زۆر شاعیر و نووسەر هەن، کە ئێمە وا ناسیومانن تەنها لە بواری شیعر و ئەدەبیاتدا ڕۆڵیان گێڕاوە، بەڵام کە لە ژیانی تایبەتییان دەکۆڵینەوە، درک بەوە دەکەین، کە لە گەلێک مەیدانی دیکەی ژیاندا، هەمان کاریگەرییان هەبووە، وەک لە ژیانی کۆمەڵایەتی و خەباتی نەتەوایەتیدا، کە ڕەنگە لەم لایه‌نانەدا کەمتر لێیان کۆڵرابێتەوە، یەکێک لەو کەسایەتییانە، مەلا خدری دەشتییە، وێڕای ئەوەی مامۆستایێکی ئایینی و شاعیریش بووە، کەسایەتیێکی نیشتیمانپەروەر و نەتەوەییش بووە، هەر لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، لە تەک خەباتە ڕۆشنبیرییەکەیدا، لە مەیدانی هەڵوێستی کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتیدا پێشەنگ بووە، وە بە شیعرەکانیشی کە لە وێنەی چەکێکی کاریگەر بوون، لە ڕیزەکانی پێشەوەی ئەو خەباتە سەختەدا، ئامادەیی هەبووە.

    ئەم توێژینەوەیە، لە سێ تەوەری سەرەکی پێکهاتووە، هەر تەوەرێک دابەشی چەند باسێک کراوە، لە تەوەری یەکەمدا، ژیانی مەلا خدری دەشتی و پێگە کۆمەڵایەتییەکەی، خراوەتە ڕوو، ئەمەش دوو باسی گرتووەتە خۆی، لە باسی یەکەمدا، تیشک خراوەتە سەر خانەوادەی دەشتی و لەدایکبوون و پێگەیشتن و وێستگەکانی ژیانی، لە باسی دووەمیشدا، باس لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکەی کراوە. لە تەوەری دووەمدا، باسی ژیانی ڕۆشنبیریی مەلا خدر کراوە، ئەم تەوەرەش بۆ دوو باس دابەش کراوە، باسی یەکەمیان، تایبەتە بە ڕۆڵی مەلا خدر لە بزاڤی ڕۆشنبیری و زانستییدا، وەک بواری پەروەردەی ئایینی و شیعر و ئەدەب و دانراوەکانی، لە باسی دووەمیشدا، تیشک خراوەتە سەر بایەخدانی بە زمانەکانی دیکەی وەک عەرەبی و فارسی و تورکی، کە بەشێک لە دانراو و بەرهەمە شیعرییەکانی بەو زمانانە نووسیوە. لە تەوەری سێیەمدا، ڕۆڵی نەتەوەیییانەی مەلا خدری دەشتی، لە دوو باسی جیاوازدا شرۆڤە کراوە، لە باسی یەکەمدا، گرنگترین ئەو هۆکارانە خراونەتە ڕوو، کە هزری نەتەوەیییان لای دەشتی پەرە پێداوە، باسی دووەمیشیان، تایبەتە بە ڕەنگدانەوەی هزری نەتەوایەتی لە شیعرەکانیدا.

   بۆ نووسین و ئامادەکردنی ئەم توێژینەوەیە، سوودمان لە چەند سەرچاوە و ژێدەرێک وەرگرتووە، وەک (دیوانی دەشتی)، لە ئامادەکردنی ئەحمەد دەشتی، ئەم دیوانە، ساڵی ٢٠٠١ لە شاری بەڕلین بە تیراژێکی کەم، چاپ کراوە. پاشان دوو جاری دیکە چاپکراوەتەوە، چاپی یەکەم لە هەولێر (٢٠٠١)، چاپی دووەمیش هەر لە هەولێر (٢٠١٢). لە پێشەکی هەردوو چاپی بەڕلین و یەکەمدا، گەلێک زانیاریی بایەخدار دەربارەی ژیان و کەسایەتیی مەلا خدر خراونەتە ڕوو، لە چاپی دووەمیشدا، پێداچوونەوەیەکی باشتر بە دەقە شیعرییەکانی کراوە. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیشە، خۆمان لە نزیکەوە، هەندێک لە دەستنووسەکانی دەشتیمان چاو پێکەوت، وەک دەستنووسی دیوان و مەولوودنامە و ئیستیعارەکەی، کە بە هۆیانەوە، پەیمان بە زۆر زانیاریی تازە لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی برد. جگە لەمە، سوودمان لەو دیدارانەش وەرگرتووە، کە لە نزیکەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانی دەشتی، (بەشێک لە کوڕ و کچەکانی) ئەنجام دراون، هەروەها ئەو دیدارەی کە مامۆستا عەبدولموئمین دەشتی لەگەڵ مەلا سەلامی حەیدەری، لە ئاوایی (بێتواتە) دا ئەنجامی داوە، گەلێک زانیاریی گرنگی دەربارەی قۆناغێکی دیاریکراوی ژیانی دەشتی، خستووەتە ڕوو. لەگەڵ ئەمانەدا، سوودمان لەو وتار و لێکۆڵینەوانەش بینیوە، کە لەسەر ئەو، لە شێوەی کتێب، یان لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکراونەتەوە. دواجار ئەوەی زیاتر مایەی خۆشحاڵی بوو، بەشێک لەو وتار و لێکۆڵینەوانەشمان دەست کەوت، کە بە یادی پەنجا ساڵەی کۆچی دوایی دەشتی لە شاری (بەڕلین)ی پایتەختی ئەڵمانیا، ساڵی ٢٠٠٧ سازکرابوو. لێرەوە سوپاسی بێپایانی مامۆستا عەبدولموئمین دەشتی کوڕی بچووکی شاعیر دەکەم، کە وێڕای ئەوەی دەستنووسی بیرەوەرییەکانی خۆی پێدام، کە هەندێ ڕوونکردنەوەی دەربارەی ژیانی باوکی تێدابوو، لە زۆر بابەتی دیکەشدا هاوکارم بوو. لە کۆتاییدا، هیوادارم خزمەتێکی زانستیم لەبارەی ئەو کەسایەتییە و هەندێک لایەنی شاراوە لە وێستگە جیاوازەکانی ژیانی پێشکەش کردبێت.

##submission.downloads##

بڵاو کرایەوە

2022-09-11