پڕۆسەی ڕاگواستن و وێرانكردنی گوندەكانی شارۆچكەی كۆیە لە ساڵی 1987 دا

لێكۆڵینەوەیەكی بەڵگەنامەییيە

توێژەران

  • بورهان حاته‌م عوسمان بەشی مێژوو - كۆلێژی ئاداب - زانكۆی سەڵاحەددین

:

https://doi.org/10.56422/ka..48.65

پوختە

   گوندەكانی پارێزگای هەولێر، لەنێویشیاندا گوندەكانی شارۆچكەی كۆیە خاوەن پێگەیەكی بەهێزی ئابووری و سیاسی بوون. لەڕووی ئابوورییەوە سەرچاوەی دابینكردنی بەروبوومی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری ناوچەكە بوون و تاڕادەیەكی زۆر ئاسایشی خۆراكیان پاراستووە. لەڕووی سیاسیشەوە پشت و پەنایەكی قایمی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی كورد بوون. بەشێوەیەك سەركەوتنی خەباتی هێزەكانی پێشمەرگە لەدژی حكومەت تاڕادەیەكی زۆر بەسترابووەوە بە گوندەكانەوە و سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی پێویستییە مرۆیی و ماددییەكانیان بووە. بۆیە بەبێ هاوكاری گوندەكان نەدەتوانرا درێژە بەو خەباتە بدرێت. حكومەتیش بیانووی سەرەكی بۆ وێرانكردنی گوندەكانی شارۆچكەی كۆیە هەر ئەومەسەلەیە بووە.

   لێكۆڵینەوە لەبارەی ڕاگواستن و وێرانكردنی گوندەكانی شارۆچكەی كۆیە لە ساڵی 1987، گرنگيی زۆری هەیە، چونكە سەرباری ئەو ڕۆڵە ئابووری و سیاسییەی ئەو گوندانە گێڕاویانە، بەڵام تا ئێستا بەشێوەیەكی ئەكادیمی لای لێ نەكراوەتەوە. بایەخی لێكۆڵینەوەكە زێتر لەوەدایە بەڵگەنامەییيە و زانیارییەكانی نێوی لە خودی بەڵگەنامە نهێنییە بڵاونەكراوەكانی حكومەت وەرگیراوە، كە بەوردی ژمارە و پلان و بەرنامە و چۆنییەتی و ڕۆژ و مانگ و ساڵی وێرانكردنی گوندەكانی شارۆچكەكەی تێدا خراوەتەڕوو. هەرچەندە ئەم زانیارییە وردانە لەبارەی سەرجەم گوندەكان لەبەردەستدا نەبوون، بەتایبەتی ئەو گوندانەی كە لە قۆناغی دووەمدا وێرانكراون، بۆیە ئەمە یەكێك لەو گرفتانە بووە، كە توێژەر ڕووبەڕووی بووەتەوە. ساغكردنەوەی ناوی گوندەكانیش گرفتێكی دیكە بووە، چونكە ناوی زۆربەی گوندەكان لە بەڵگەنامە فەرمییەكانی حكومەتدا بە ڕێنووسی عەرەبی و بەشێوەی هەڵە نووسراون، بۆیە لە هەندێك كاتدا بە زەحمەت توانراوە ناوەكان بناسرێتەوە.

##submission.downloads##

بڵاو کرایەوە

2022-09-11