لادان لە بنەمای هاریکاری (کتێبی ڕشتەی مرواری بە نموونە)
:
https://doi.org/10.56422/ka..47.69پوختە
١ـ ناونیشانی لێکۆڵینەوەکە
ناونیشانی لێکۆڵینەوەکە بریتییە لە (لادان لە بنەمای هاریکاری "کتێبی ڕشتەی مرواری بە نموونە"). لێکۆڵینەوەیەکی پراگماتیکییە، نموونەکانی ئەو دەقانەن، کە لە کتێبی ڕشتەی مرواریدا باسکراون، بەپێی تیۆری بنەماکانی هاریکاری شیکراونەتەوە و هەوڵدراوە گونجاوترین نموونە هەڵبژێردرێت، کە لەگەڵ ناوەرۆکی باسەکەدا بگونجێت، کە ئەمەش هەوڵێکە بۆ دەرخستنی بنەما وردەکانی بنەمای هاریکاری لە دەقە نووسراوەکاندا.
٢ـ سنوور و ڕێبازی لێکۆڵینەوەکە
لێکۆڵینەوەکە لە ئاستی پراگماتیکدایە و شیکردنەوەی نموونەکان بەپێی تیۆری بنەماکانی هاریکاری گرایس لێکدراوەتەوە و سنوورەکەی دەستنیشان کراوە بەوەی تەنیا ئەو نموونانە وەرگیراون، کە لە کتێبی ڕشتەی مرواریدا باسکراون، ئەم لێکۆڵینەوەیەش لە چوارچێوەی ڕێبازی (وەسفی شیکاری) باسی لێوە دەکرێت.
٣ـ هۆی هەڵبژاردنی لێکۆڵینەوەکە
خاڵی گرنگ لە هەڵبژاردنی لێکۆڵینەوەکە، کاریگەریی ئەو پەیوەندییەیە کە لەنێوان قسەکەر و گوێگردا هەیە، بەتایبەتی لە بنەماکانی هاریکاریدا، کە کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر سەرکەوتنی پڕۆسەی پەیوەندیکردن، بە پیادەکردنی بنەماکان لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵدا، بەوەی زمان چالاکییەکی کۆمەڵایەتییە بە مەبەستی هاریکاریکردنی نێوان بەشداربووانی ئاخاوتن بەکاردەهێنرێت.
٤ـ کێشەی لێکۆڵینەوەکە
ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵێکە بۆ شیکارکردنی پراگماتیکییانەی چەند دەقێکی نێو کتێبی ڕشتەی مرواری بەپێی بنەماکانی هاریکاری، کێشەی ئەم دەقانە لەوەدابوو کە هەر دەقێک زیاتر لە بنەمایەکی تێدا پێشێل کرابوو، بە ئەستەم نموونەیەکمان دەستدەکەوت و دهبینییەوە تەنیا لە یەک بنەمادا لادان تیایدا ڕوویدا بێت.
٥ـ ناوەرۆکی لێکۆڵینەوە
ناوەرۆکی ئەم لێکۆڵینەوەیە جگە لە پێشەکی و ئەنجام، لە سێ بەش پێکهاتووە:
بەشی یەکەم؛ بەشێکی تیۆرییە و تیایدا باس لە بنەمای هاریکاری لەلایەن پۆل گرایس کراوە، لەگەڵ باسکردنی هەریەکە لە بنەماکانی هاریکاری (بنەمای چهندێتی، بنەمای چۆنیەتی، بنەمای پەیوەندی و بنەمای شێواز)، لەگەڵ هێنانەوەی نموونە بۆ هەر بنەمایەک.
بەشی دووەم؛ ئەم بەشەش بەشێکی تیۆرییە و باس لە لادان لە بنەماکانی هاریکاری گرایس دەکات و هێنانەوەی نموونە بۆ هەر یەکێک لەم بنەمایانە، بنەمای چهندێتی، بنەمای چۆنیهتی، کە ئەمیش چەند جۆرێکی لادانی لێدەکەوێتەوە، وەک (توانج و گاڵتەپێکردن، خواستن، ئاماژەپێکردن، زێدەڕۆیی و کەمکردنەوە)، هەروەها بنەمای پەیوەندی و شێواز، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی پێویست سەبارەت بەم بنەمایانە.
بەشی سێیەم، بەشی پراكتیكی لێکۆڵینەوەکەیە، کە باس لەو لادانانە دەکات، کە لە بنەمای هاریکاریدا هاتۆتە کایەوە، بە پشتبەستن بە نموونەکانی نێو کتێبی ڕشتەی مرواری و شیکارکردنی نموونەکان.
لە کۆتاییدا، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە و لیستی سەرچاوەکان، لەگەڵ پوختەی لێکۆڵینەوەكه بە زمانهكانی عهرهبی و ئینگلیزی پێشکەش کراون.