هزرى سۆفیزم لای (بابا تاهیری عۆریان)
:
https://doi.org/10.56422/ka..47.75پوختە
توێژینەوە و بەکێشەکردنی بابەتێک لە خۆیدا هەڵگری ئیشکالیەتی جۆربەجۆرە، کە بۆ توێژەران کارێکی ئاسان نییە. چونکە لە رەوتی توێژینەوەدا، توێژەران رووبەڕووی سەرچاوە و ئارگیومێنت و دیدی جیاواز دەبنەوە و هاوکاتیش ئارگیومێنت و دیدی جیاوازی دیکەیش دێنە ئارا، بەڵام ئەم ئاڵۆزی و ئیشکالیەتە دواجار بەرهەم و ئەنجامێکی مەعریفی تازە دەخاتەوە، بە تایبەت بۆ ئەو بابەتانەی کە هێشتا لایەن و دیوی تاریک و لێڵ و ناڕوونیان هەیە.
توێژینەوە لە سۆفیزم، هەروەها سۆفیزمی کوردی- ئیسلامی، ئایین و ئایینزا کوردی و ئیسلامییەکان، هەڵگری خەسڵەتی ئیشکالیەت ئامێزن، ئەمەش تەنها بۆ سەرچاوە و دیدی جیاواز ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ شێواندن و بەلاڕێدابردنی گوتار و مێژوو و رووداوەکان و بابەت و گێڕانەوەکان دەگەڕێتەوە، لێرەشدا سەبارەت بە هزری سۆفییانەی (باباتاهیر) هەمان کێشە لە ئارادایە. کەواتە ئەم توێژینەوەیە بە مەبەستی ساغکردنەوەی هەندێ ئیشکالیەت لەبارەی سۆفیزمی (باباتاهیر)ەوە، هەروەها ئەنجامدانی ئەرکێکی ئەکادیمی، کە پێشتر توێژینەوەی وردی ئەکادیمی لەو بوارەدا دەگمەنن، بەڵکو زیاتر لە شێوەی وتار و گێڕانەوەی مێژووی ئەدەبی نووسراون، لە کاتێکدا هەندێک لەوان پەیوەست بە ئەدەبیات و سۆفیزمی فارسی و عەرەبی زیاتر هەوڵی شێواندنی راستینەی مێژوویی کوردانیان داوە.
توێژینەوەکە بە لێکدانەوە و راڤە و شرۆڤەی بەرهەمەکانی (باباتاهیر) و سەرچاوەکان لە هەردوو میتۆدی شیکاری و هێرمیونیتیکی کەڵک وەردەگرێت و دەیەوێت لە کۆنتێکستەکانەوە ئەرگیومێنت و بەڵگە زانستی و لۆژیکییەکانی بکاتە پاساوی عەقڵانی بۆ تێز و تیۆر و بۆچوونەکان.
سەبارەت بە پەیکەرە و بونیادی توێژینەوەکە، لە شێوەی باس و تەوەرەدا بە دوو باس و چەند تەوەرەیەک هەوڵدراوە، (باباتاهیر) و هزر و هۆزان و پەیڕەوی ئایینی و تێز و تیۆرەکانی و پەیوەنديی لەگەڵ رێبازەکان و ژیانی کۆمەڵایەتيی سۆفییانە بخرێنەڕوو. بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر هەوڵدراوە سوود لە سەرچاوەکانی خۆی و ئەوانە وەربگیرێت کە لەبارەیەوە نووسراون.