مەلا مەحموودی بایەزیدى و هەردوو دەستخەتی (تەصریف)ی عەلیی تەرەماخی و (در المجالس)ى مەلا موساى هەکارى
:
https://doi.org/10.56422/ka.1.51.23:
دەستخەتى کوردی، بایەزیدی، عەلیی تەرەماخی، هەڵبەستنپوختە
وەك روونە دەستكاریكردنو هەڵبەستنی دەستنووس، دیاردەیەكی یەكجار كۆنە لە مێژوو و كەلتووری گەلاندا بە كوردەوەش و دەیان دەستخەت بە زمانى کوردى هەن لە کتێب و نامیلکە و دیوانى شاعیران و كەشكۆڵ کە تایبەتن بە دیرۆک و ئەدەب و زمانى كوردی و چەندینی عەرەبییش هەن سەبارەت بە لایەن یان بوارێكی مێژوو و کەلتوورى کوردی و زۆربەیان لەمێژە ساخ و بڵاوكراونەتەوە و شوێنی خۆیان لە كتێبخانەی مەعریفیی كوردی گرتووە، وەلێ دەمێك لە هەندێکیان دەڕوانی و بە وردی دەیانخوێنیتەوە، گومان لە رەسەنیی دەقەکانی دەکەیت و هەست دەكەیت لە دەستكاری و لێ تێنەگەهیشتن بەدەرنین و بە مەبەست و ئامانجی جۆربەجۆر دەستكاریی مێژووەکەى یان وشەگەلێكی كراوە یان هەر لە بنەڕەتدا نەبووە و دواتر هەڵبەستراوە، واتا کەسانێک دانراوێکی خۆیان دەدەنە پاڵ شاعیر یان دانەرێکى ناودار، دەستنووسی واش هەیە بەشێكی یان زۆربەیی هەڵبەستراوە و لە بنەڕەتدا ئەوەندە نەبووە، لەپاڵ ئەمانەشدا، جاری وا هەیە ساخكەرەوەی دەستنووسێك لە تێگەهیشتن و راستنووسینی چەند پەیڤ و واژەی دەستخەتێك و ناسینەوەى خاوەندەکەى راستیی نەپێكاوە.
لەم ساڵانەی دواییدا، خەریكی ساخکردنەوەى بابەتگەلێكی دیرۆك و كەلتوور و فۆلكلۆری كوردی بووم و كارەكەم وای دەخواست بۆ جارێكی دی بەرهەمى مێژوونووسان و زانایانى کورد و دیوانی گشت شاعیرانی كلاسیكی بەوردی و بە چاوێکى رەخنەگرانە بخوێنمەوە و سەرئەنجام چەردەیەك سەرنج و رەخنەم لەكن پەیدا بوون لەبارەى مژارگەلێکى پەیوەست بە ئەدەب و زمان و مێژووى کورد و میتۆدى کارکردن لە دەستخەته کوردییەکان.
ئەم ڤەكۆلینە، لە یەکێک لەم مژارانە دەكۆڵێتەوە ئەویش پەیوەندیی مەلا مەحموودی بایەزیدییە بە هەردوو دەستخەتی (در المجالس) و (تەصریفی عەلی تەرەماخی)یەوە، كە پێشتر ڤەکۆلەران سەرنجیان نەداوەتێ و باسیان نەكردووە و گەهیشتۆتە ئەو ئەنجامەى کە بایەزیدى بەخۆى تەصریفەکەى داناوە و گەڕاندوویەتیەوە بۆ تەرەماخی و هەر خۆیشى(در المجالس)ى بەناوى مەلا موساى هەکارى وەرگێڕاوە.