جیاوازی گێڕانەوەی ڕووداو لەنێوان مێژوو و ڕۆماندا بە نموونە ڕۆمانی " پێشمەرگە"ی ڕەحیمی قازی
:
https://doi.org/10.56422/ka..50.42پوختە
خاڵی هاوبەشی نێوان مێژوو و ڕۆمان بە گشتی بریتییە لە گێڕانەوە، بەڵام لە چۆنیەتی و شێوازی گێڕانەوەدا جیاوازییان هەیە. مێژوو کۆمەڵێ ڕووداوی واقیعی، کە لە ڕابردوودا ڕوویانداوە دەگێڕێتەوە و وەکو دیکۆمێنتێک بۆ نەوەکانی داهاتوو ئەرشیفیان دەکات. هەرچی ڕۆمانە وەکو ژانرێکی مۆدێرن سوود لە رووداوی واقیعی جا چ ئێستا، یان ڕابردوو وەردەگرێت و سەرلەنوێ دروستی دەکاتەوە. واتە ڕۆمان ڕووداوەکە وەکو خۆی ناگوازێتەوە، بەڵکو دەسکاریشی دەکات. ئەمەیش بۆتە دروستبوونی جۆرێک لە ڕۆمان، کە ڕۆمانی مێژوویییە. ئەم جۆرەی ڕۆمان سوود لە ڕووداو، کەسایەتی مێژوویی وەردەگرێت بۆ ئەوەی ئاریشەکانی سەردەم بخاتەڕوو.
ئەم توێژینەوەیە (جیاوازی گێڕانەوەی ڕووداو لە نێوان مێژوو و ڕۆماندا) هەوڵی خستنەڕووی ئەو جیاوازییە لە شێوازی گێڕانەوەی رووداو دەدات. بۆ ئەمەیش ڕۆمانی "پێشمەرگە"ی "د. ڕەحیمی قازی"مان وەكو نموونە هەڵبژاردووە. توێژینەوەکەمان لە دوو بەش پێکهاتووە. بەشی یەکەم، کە بەشێکی تیۆرییە هەوڵێکە بۆ ئیشکردن لەبارەی چەمکگەلی وەكو مێژوو، ڕۆمان و ڕۆمانی مێژوویی، کە لە سێ تەوەرەدا خستوومانەتە ڕوو. هەرچی بەشی دووەمە، کە بەشێکی پراکتیکییە لە دوو تەوەرە پێکهاتووە. تەوەری یەکەم، ئیشکردن لەبارەی پێوەندیی نێوان رووداو و توخمەکانی دیکەی ڕۆمان وەكو: کات، شوێن، کارەکتەر...تاد. تەوەرەی دووەم ئیشکردنە لەبارەی ڕۆڵی تەکنیکەکانی ڕۆمان لە بە هونەریکردنی ڕووداوی مێژوویی لەناو ڕۆماندا. لە کۆتاییدا ئەنجامی توێژینەوەکەمان بە چەند خاڵێک دیاری کردووە، لەگەڵ دانانی لیستی سەرچاوەکان بە سیستەمی هارڤارد.