ڕۆڵی شانۆی ئاهەنگسازی لە نمایشی شانۆی كوردیدا
:
https://doi.org/10.56422/ka..49.54پوختە
هونەری شانۆ بەهەردوو ڕوویەكەیەوە (تراجیدی)و (كۆمیدی) لە دووتۆ و نێوەندی ئاهەنگە ئاینیيەكانی (دیۆنیسیۆس)ی یۆنانییەوە لە سەرەتای سەدەكانی پێش زاینییەوە سەری هەڵدا و بەو شێوەیەی ئاهەنگێكی ئاینی بوو، لەو ئاهەنگەدا بەشێوەی سەرەتایی شانۆ لە پێشدا كۆرس و سەماكاران و مۆسیقاژەنان و گۆرانیبێژان هەمووان بەشداریيان دەكرد ، ڕۆژ بەڕۆژ پەرەی سەند و تاكو وەهای لێهات شانۆ كاتێك كە جیا بوویەوە لە دۆخە ئاینیيەكە سەربەخۆیی بەدەست هێنا، بەو چەشنە دەكرێت سەرەتای سەرهەڵدانی شانۆی ئاهەنگسازی لە مێژوودا بگەڕێنینەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی شانۆ لە یۆنان و بەو جۆرە شانۆ بە ئاهەنگسازی سەری هەڵدا، كوردیش هاوكات لەگەڵ بەرەوپێش چوونی شانۆ و سەرهەڵدانی ڕەوتەكانی شانۆی جیهانی هەنگاوی ناوە و بەرەو پێش چووە بەپێی سەردەمەكان، وەك سەرەتایەك لە شانۆی كوردیدا بەو پێیەی پێشتر بەو شێوەیە نەبوو بەڵكو جۆرێك بوو لە لاساییكردنەوەی شانۆی عەرەبی یان عێراقی بوو، زۆربەی دەقەكان لە زمانی عەرەبیيەوە وەرگێڕدرابوو یان بەشێكیان بابەتی ڕۆمانە جیهانیيەكان بوون، هەنگاوی سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم چەشنە شانۆیە دەگەڕێتەوە بۆ كارەكانی هونەرمەند (ئەحمەد سالار)، بەڵام دەكرێت بەچەشنێك بێت كە جیاواز لە شانۆی ئاهەنگسازیی نەتەوەكانی دیكە ، لای هەندێك نەتەوە زیاتر دۆخێكی ئاینی هەبووە، بۆ نموونە شانۆكانی گەورە هونەرمەندی مەغریبی (عبدالكریم برشید) زیاتر سەرچاوەیەكی ئاینی هەبووە و گوزارشتی ئاینی بووە، بەڵام ئەو ئاهەنگسازییەی لەشانۆی كوردیدا بەرجەستە بوو لەلای مامۆستا (ئەحمەد سالار) پتر نەتەوەیيیە، خودی سەرەتای شانۆی ئاهەنگسازی لەدەقەوە دەست پێدەكات، چونكە ئەو دەقەی ئاهەنگسازی لەخۆ نەگرێت نابێت، لە نمایشی ئاهەنگسازی كوردیدا زیاتر پەیوەستە بەگەڕانەوە بەرەو ڕابردوو، گەڕانەوە بۆ كەلتووری نەتەوەیی، واتا چ لەڕەنگدا چ لە دەنگدا چ لە ئاوازدا چ لەڕووی جووڵەوە تەنانەت جل و بەرگیش گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو، سەربووردەكان چ لەمێژووی دێرینی كوردەوە یان حەقایەت و داستانە دێرینەكان یان ڕووداوە مێژوویييەكان لەوانەوە وەرگیراون و داڕشتراونەتەوە، مەبەستی سەرەكی هەمووشی بریتی بووە لەوەی بارودۆخە نەتەوهيیەكە بەرەو باشتر ببرێت و بەرەو ئاسۆیەكی ڕووناك هەنگاو بنێین، ئەم شانۆیە توانی بینەری زیاتر لەخۆی بگرێت لەبەر چەند هۆكارێك یەك لەبەر ئەوەی كوردی بوو چونكە ئاشنای گیانی خەڵك و بینەرەكە بوو، لە سەروو ئەوەشەوە بابەتی شانۆكە هاندەر و بزوێنەر بوو بۆ بینەرانی زیاتر و پتر، كە دەڵێین شانۆی ئاهەنگسازی ئاهەنگ هەمەجۆری هەیە بۆنموونە ئاهەنگ شینە هەیە خۆشیيە ، هەیە بۆ سەركەوتنە یان هەر جۆرێكی دیكە،
بەو جۆرە نمایشی شانۆی ئاهەنگسازيی كوردی ڕۆڵ و كاریگەری خۆی هەبووە لە بزاڤی شانۆی ناوچەكەدا و خاوەنی پەیامی تایبەتی خۆی بووە لە هەموو كات و ڕۆژگارەكاندا.