بنیاتى وشەى (مەلە) و چارەنوسى لە زمانى کوردیدا

توێژەران

  • فاروق عومەر سدیق ئەندامى کاراى ئەکادیمیاى کوردى– هەولێر

:

https://doi.org/10.56422/ka..48.60

پوختە

ژیان وەستاو نییە، ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەى کە بیر و مێشکى قسەکەرانى زمان پێکەوە دەبەستنەوە قەتیس و چەقبەستو نابن و هیچ کات و زەمانێک لە جۆش و خرۆش و جوڵە و شڵەقاندنى خۆیان ناکەون، بەڵکو لە فەرهەنگى زماندا بەردەوام دینەمۆ و بزوێنەر و وزەبەخش و تەکانپێدەرى گەشەسەندن و بەرەوپێشچون و دەوڵەمەندکردن و خوڵقێنەرى وشە و ئیدیۆمى نوێن. 

فەرهەنگ بۆ جێبەجێکردنى ئەو ئەرکەى کە بریتییە لە دەستەبەرکردنى کەره‌سە و پێکهاتەى زمانى، دو (٢) ڕێگە دەگرێتەبەر: یەکەمیان: ئەگەر بوار پێدراوبێت بە گوێرەى یاساکانى وشەسازى باوى ناو زمانەکە خۆى وشەى تازە سازبو، ئامادە دەکات. دوەمیان: بەئاگایى، یا بێئاگایى بێت، باوەش بۆ خواستن و قەرزکردنى وشە و پێکهاتەى زمانیى لەم لاو ئەولا، دەگرێتەوە.

پەيبردن بە بنیاتى وشە و چونە خوارەوە بەڕەگ و ڕیشە و بێخیدا، نەک هەر دەستکەوتى گەورە و گرنگى زمانیى لێ دەکەوێتەوە، بەڵکو چەندین ڕاستى و زانیارى نازمانیى، وەک: دەرکەوتنى سروشتى دەوروبەر و سیستێمى ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کلتورى هاوبەش و چەشنى دانیشتوانى ئەسڵى ئەو ناوچانە و جۆرى ئەو زمانانەى کە لەو سەردەمانەدا لەئارادابون و قەوارە و سنورى پەیوەندى و کۆنتاکتیان لەگەڵ دراوسێ و دورو نزیک لێیانەوە و ڕەوینەوە و لابردنى تەمومژ و غوبار لەسەر زۆر لایەنى نادیار و شاراوە و ونبوى ئەو زەمانە جیاوازانەى کە مرۆڤ پیایاندا، تێپەڕیوە، لێ سەوزدەبێت.

   وشەى (مەلە) کە بەرامبەرى لە عەرەبیدا: (السباحة) و لە ئینگلیزیشدا: (swimming)ە، یەکێکە لە وشە کۆنەساڵەکانى فەرهەنگى گشتى زمانى کوردى. لەڕەوتى ژیانیدا، تا ئەمڕۆ، چەندین قۆناغى جۆراوجۆرى لە گۆڕینى فۆڕم سیمانتیکدا، بڕیوە و خۆڕاگر و چالاکانە لەکاردایە.

وشەیەک کە خاوەنى ئەو تایبەتییانە بێت، ئەوە هەڵدەگرێت و دەهێنێت کە بە باسێکى زانستيى سەربەخۆ، حەقى خۆى بدرێتێ. ئێمە بۆیەکەم جار لە مێژوى زمانناسى ئێرانى و کوردیدا، بەم باسە، چوینە ژێر ئەو بارەوە کە تاکو ئێستا، دەستى بۆ نەبراوە.

ئەم باسە، لە: [پێشوتە و (٢) دو بەش و ئەنجام و کورتەکەى بەزمانانى عەرەبى و ئینگلیزى] پێکهاتوە:

لە یەکەم بەشدا: تایبەتێتى سیمانتیکى و لێکسیکى و مۆرفۆلۆژيى (مەلە) و (مەلەکردن) کە لەو سازبوە، نیشاندراون.

لە دوەم بەشدا: ئێتمۆلۆژییەکەى ساغ و یەکلایى کراوەتەوە.

 

##submission.downloads##

بڵاو کرایەوە

2022-09-11