گەڕەكەكانی شاری هەولێر لە سەرژمێرییە فەرمییەكانی رۆژگاری پاشایەتیدا (1947-1958)

توێژەران

  • دڵشاد مەحموود عەبدولڕەحمان بەشی مێژوو - كۆلێژی ئاداب - زانكۆی سەڵاحەددین

:

https://doi.org/10.56422/ka..47.80

پوختە

گرنگیی توێژینەوە: ئەم لێكۆڵینەوەیە كە لە ژێر ناونیشانی "گەڕەكەكانی شاری هەولێر لە سەرژمێرییە فەرمییەكانی رۆژگاری پاشایەتیدا (1947-1958)"، هەوڵێكی زانستییە بۆ بەدواداچوون و لێكدانەوەی ئەو هۆكار و فاكتەرە زەق و گەورانەی كاریگەرییان لەسەر بارودۆخی كۆمەڵایەتیی شاری هەولێر هەبووە لە ماوەیەكی دیاریكراوی هەستیاردا. هەرچەندە ژمارەیەك توێژینەوەی ئەكادیمی (دكتۆرا و ماستەر)، لەسەر شاری هەولێر نووسراون لەم چەند ساڵەی رابردوودا، بەڵام ئەم ماوە مێژوویییەی هەولێر و توێژینەوەی كۆمەڵایەتی لەسەر گەڕەكەكانی هەولێر لە چلەكان و پەنجاكانی سەدەی بیستەمدا، بە شێوەیەكی زانستی ئەنجام نەدراوە. گرنگیی ئەم بابەتە لەوەدا خۆ دەنوێنێت، كە شارێكی كەونارا و گرنكیی نێو شارە كوردییەكانی كوردستانی باشووری، لە ماوەیەكی مێژوویی دیاریكراودا كردووەتە ئامانجی توێژینەوە.    

پێكهاتەی توێژینەوە: توێژینەوەكە دەروازەیەك و دوو باسی سەرەكی لەخۆ دەگرێت؛ لە دەروازەدا بە پوختی باسی گرنگی و بایەخی مێژووی ئاوەدانیی شاری هەولێر لە سەردەمە مێژوویییە جیاوازەكان شەنوكەو كراوە. باسی یەكەمیان تایبەت كراوە بۆ باسی گەڕەكەكانی قەڵای هەولێر، كە بە شێوەیەكی ورد و زانستییانە هەوڵدراوە زانیارییە فەرمییەكانی حكومەتی عیراقی لە میانەی سەرژمێرییەكانی ساڵانی (1947) و (1957) سەبارەت بە گەڕەكەكانی سەرقەڵا لەو ماوە مێژوویییەدا شی بكرێنەوە و پەنجە لەسەر لایەنە بەهێز و لاوازەكانی باری ئاوەدانیی ئەو گەڕەكانە بكرێت. باسی دووەم تەرخانكراوە بۆ باسی گەڕەكەكانی خوارەوەی قەڵا، كە بە كورتەك ناسراوە. لە میانەیدا، ئاماژە بە هەڵكەوتە و شوێنی جوگرافی هەر گەڕەكێكیان كراوە و داتا و زانیارییەكانی سەرژمێرییە فەرمییەكانی سەردەمی پاشایەتی لە عیراق (1947-1957) لەگەڵ واقیعی ژیانی كۆمەڵایەتیی دانیشتوان و پەرەسەندنە دیمۆگرافییەكان لێكترگرێدراون.

 

 

##submission.downloads##

بڵاو کرایەوە

2022-09-11